پەیوەندی

ئیمەیل: hosheder.info@gmail.com

بۆچی هۆشەدەر
لە کتێبی «زاراوەسازی پێوانە»، لاپەڕە 54ی مامۆستا مەسعوود محەمەدا ئەم چەند دێڕە دەخوێننەوە دەربارەی وشەکە،

خوێنەر بمبەخشێت لەوەی کە قسەکانی دواییم لە باسی «دەر» ی دوور خستمەوە. بەڵام هەرچۆنێک بێ هەمووی هەر باسی زاراوەسازییە. دەگەڕێمەوە بۆ وشەی «دەربوون»، «دەر کردن».
«دەر کردن» واتایێکی هەیە بۆ هەڵدڕینی دوومەڵ و کیسی پووک و برینی خەزنە کردوو... و ... ئەم «دەر کردن» ە کە تێپەڕە دەبێتە «دەربوون» ی تێنەپەر. دەشێ ئەم بەکارێنانە بە زاراوە بڕوات بۆ بەرەڵڵابوونی ئاو یاخود نەوت یاخود هەر شلەیەکی دیکە کە هەبێ کە لە دەروونی زەوی پەنگاوی دابێتەوە و لە خۆوە دەروویێکی بۆ خۆی کردبێتەوە.
«دەربوون» لە «دەرهاتن» ڕاگەیەنترە و جوادیشە لە «دەڵاندن»: «دەڵاندن» زەنە کردنی بەردەوامە. وشەی «سەردەری» بەپێی دەستوور داڕێژراو نییە، بەڵام دەمەوێ خێرایی لێ بکەم چونکە، کوردی گوتەنی ئیشم پێیەتی‌. ئەگەر بە داڕێژراوی حیساب بکەین دەبێ بڵێین سێ پاشگری تێدا بە دوا یەکدیدا هاتوون، چونکە لێرەدا «ە»+ «دەر»+ «ی» بەسەر یەکەوەن. لەمانە «دەر» پاشگر نییە و ناوە بە واتای «خارج» لەکار هاتوە،
تۆ بڵێی لە ڕێی قیاسەوە نەتوانین بڵێین: «هەستەدەری» و «هۆشەدەری»؟ بۆچی ناتوانین؟ خۆ هەست و هۆش باشتر دەتوانن بەشتاندا تێپەڕن هەتا کەللەی سەر، ئەگەر «هەستەدەری» و «هۆشەدەری» بسەلمێندرێ دەشێ ئەو پاشگرەی «ی» یان لێ بقرتێت و «هەستەدەر» و «هۆشەدەر» بە ئاوەڵناو بمێننەوە، بە واتای کەسێک کە هەستی بە شتان دروست ‌بێت و هۆشی پێیان بشکێت. بەڵێ دەزانم نەگوتراوە «سەردەر» بەڵام‌ «بڵقەدەرە» هەیە و ڤاوڵەکەشی بە دوادا هاتوە هەتا بۆ یەک گیانلەبەری ناسراو تەرخان بێت.
«سەرەدەر» بەپێی سروشی وشەکان و تێک بەستنیان بە واتای کەسێک دێت سەری لە ئیشان دەرچێت، ئنجا کە گوتمان «سەرەدەرە» دەبێ بەپێی دەستوور بە کابرایێک بگوترێ لە ڕادەبەدەر زیرەک بێت، وەک بە بابایەکی زۆر گەمژەڵ دەگوترێ «مەڕەکەرە». هەموو بێژەیێک سەرەتایێکی هەیە، با ئێمەش سەرەتا دابنێین بۆ: «سەرەدەر» و «هۆشەدەر».
ئەگەر حەقی تەواو لە زاراوەسازی و خزمەتی زمانەکەماندا بەکاربهێنین دەتوانین ئەم ڕێژەیە بۆ فیعلیش بڕوێنین و وشەی نایابی لێ پەیدا بکەین، وەک:
  • دیتەدەر: بۆ کەسێکی ئەو دیوی پەردە و دیوار و... و ... ببینێت.
  • ڕادیۆ بیستەدەره.
  • دووربین هەیە دیتەدەر.
زاراوە‌ و وشەی تازە داهاتوو لە هەوڵ بیستنیاندا خەڵقی پێی گوێ قوت دەبێ، دواتر لێیان ڕادێت. بە نموونە، لە زمانە پێشکەتوەکانی ڕۆژوادا بۆ جۆرە نەخۆشییەکی نەفسی کە هەر جارە بە شێوەیێک دەردەکەوێ «مانیا Mania» یان دانا، ئنجا وشەیان لێ هەڵهێنجا بۆ ئەو نەخۆشییانە وەک: Cleptomania شێتیی دزی Megalomania شێتی خۆ بە زل زانین و... هتد.
باوەڕ دەکەم ئەم وشانە لە سەرەتادا بۆ بەرگوێیان ناقۆڵا زرینگانەوە، ئێستاکە چونکە لێیان ڕاهاتوون و دەلالەتی خوێندەواریشیان پێوەیە لە وشەی عادەتی چاکتر بەسەر زمانەوە دەسازێن. لەبیر مەکە «ڕۆژباش» پەیدا بوو خەڵق لێی دەڕەوییەوە. پژدەری ئێستاکەش کەسێکی لە عادەتی عەشیرەتی یاخود لە ڕێز و ڕەفتار دەربچێت پێی دەڵێن «بە کەچکێ دەڵێ قاشوغ».

سەرچاوە: www.mamosta.net