دۆستان و ئازیزانم لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایە هەن، سڵاوتان لێ بێت!

ئەم پرۆژەیەی بەردەستتان بەمشێوەیە، بەرهەم و ئەزموونێکی نوێیە بۆ ئەو کەسانەی کە خولیا و ئارەزوویان لە بواری ماتەماتیکدا هەیە، یاخود بۆ کەسانێک کە ئارەزووی بیرگێڕی و سەرگەرمی بکەن.

من خۆم ساڵەهایەک مامۆستای بیرکاری و فیزیا بووم ئەو شانازییەی مامۆستایەتییم پێدەبڕدرێت کە زۆربەی تەمەن و کاتەکانی ژیانم لەگەڵ ڕۆڵەی وەڵاتەکەمدا بەسەرم بردووە و ئەوەی لە توانای گوتندا بووبێت، لە پەنا زانستەکەوە و لەو سەختیانەی ڕۆژگاری خۆیدا بە هاوڕێیەتی چپاندوومەتە گوێییانەوە.

وا ئەمڕۆش ئەزموونی ساڵەهای کار و پەیدۆزی بەدوای شێواز و ڕێبازی نوێدا، ئەم پرۆژەیەی لێ ساز بووە و لێرەوە وەک دانەوەی قەرزێکی میللی سەرشانم پێشکەشی دەکەم بە نەوەکانی داهاتوومان بەو ئومێدەی گۆشەیەکی بچوکی لایەنی زانستییان بۆ ڕۆشەن ببێتەوە.

پرۆژەکەمان ناو ناوە «هۆشەدەر»، بەواتای کەسێک کە هۆشی بەشت بشکێت. زاراوەکەیش لە کتێبی «زاراوەسازی پێوانەی» مامۆستای پایەدار مەسعوود محەمەدەوە وەرگیراوە و هەتا دڵیش دەخوازێت پڕ بە پێستی ئەم کارەیە.

هیوای تەنسازی و کامەرانی بۆ هەموان دەخوازم و سەرفراز بمێنن بۆ ئاوەدانکردنەوەی وەڵات.

براتان
فەوزی ڕەمزی