پێڕه‌و و پرۆگرامی فێرگه‌ی برادۆست:
1- پێشه‌کی:
برادۆست، تەونێکی فێرکارییە، بۆ بەڕێوەبردنی فێرگەی هاوچەرخ – بەفەرمی بەشێکە لە سیستەمی حکوومەتی و بە ناوەڕۆک فێرگەی ئازادە (ئەهلی).
2- ئامانج:
برادۆست، زادەی ئەزموونی پیشەوەرانەی چەندین ساڵە لە بواری فێرکاریدا، تۆڕێکە کار بۆ کۆکردنەوەی هێزی میللیمان دەکات ڕووە چەرخاندنی فێرگەیەک کە زانیار ئامانجی یەکەم بێت. وه‌ک له‌ «پلانی فێرکاری بۆ فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تی» دا هاتووه‌‌:
فێرگه‌ بۆ بارهێنانی مرۆڤێکه‌:
- توانا و بافه‌رهه‌نگ، فره‌زان و داهێنه‌ر
- مرۆڤدۆست و دێمۆکرات: میلله‌تدۆست و ژنپارێز
- وه‌ڵاتپارێز و ژینگه‌پارێز
- هونه‌ردۆست و زانستپه‌روه‌ر
- کارا: کارامه‌ و دڵسۆز، هاوکار و په‌رۆش
فێرگه‌ی برادۆست ئه‌م بنه‌مایانه‌ی «پلانی فێرکاری بۆ فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تی» کردۆته‌ سه‌رشاری کار و له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا وردیان ده‌کاته‌وه‌:
- گرینگیدان به‌ بواری ئاسووده‌یی، ساخڵه‌می و ئاسایشی منداڵ.
- پێدانی متمانه‌ و ڕێز بۆ هه‌مووان به‌ بێ جیاوازی زایه‌ند و ڕه‌گه‌ز.
- گه‌شه‌پێدان به‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سۆزداری، هاوسۆزی و ده‌سته‌به‌ر کردنی زه‌مینه‌ی به‌خشینی که‌سایه‌تی سه‌رفراز، سه‌ربه‌ست و نیشتمانپه‌روه‌ر.
- وانه‌بێژیی کارامه‌ و مێتودی فێرکاری مۆدێرن و سه‌رده‌میانه‌.
- گرینگیدان به‌ زمانی بیانی «ئینگلیزی» وه‌ک زمانی دووه‌م.
- هه‌ڵسه‌نگاندن و دیڤچوون له‌گه‌ڵ هه‌موو تاکی فێرخواز به‌ درێژایی ساڵ.
- پشتیوانی و ڕاهێزانی فێرخواز به‌پێ ئاستی پێویست.
- به‌شداری خێزان ڕاسته‌وخۆ له‌ پرۆسه‌ی فێرکاریدا و ئاگادار کردنه‌وه‌یان له‌ دۆخی منداڵ به‌ درێژایی ساڵی خوێندن.
- له‌ خۆگرتنی هه‌موو تاکی فێرخواز سه‌ره‌ڕای جیاوازی ئاست و بوار نه‌دان به‌ دابڕانی له‌ پرۆسه‌ی فێربووندا.
- دانانی پلانی تۆکمه‌ و کارای فێرکاری که‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی نیازی هه‌موو منداڵێک بێت بە‌ چالاکی هانده‌رانه‌ی فێربوون هه‌م له‌ نێو پۆل و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌.
- چاندنی ڕوانگه‌ی گه‌شبینی له‌ پرۆسه‌ی فێربوون و ژیاندا.
- هاندانی توانای کۆمه‌ڵایه‌تی فره‌لایه‌ن.
- سه‌ره‌نجدان و سێره‌گیری (ته‌رکیز کردن).
- گرینگیدان به‌ بواری زمانه‌وانی و په‌یوه‌ندی گرتن.
- خوێندنه‌وه‌ و نووسین.
- ماتماتیک (بیرکاری).
- داتاکاری، به‌کارهێنانی ئامێری دیجیتاڵ و کۆمپیوته‌ر.
- مێژووی وه‌ڵات و ناساندنی که‌سایه‌تیه‌ ده‌گمه‌نه‌کانی نیشتمان.
- ئاشنابوونی ده‌وروبه‌ر و سروشتی وه‌ڵات.
- تێگه‌یشتن و زانیاری ده‌رباره‌ی جیهان.
- گه‌شه‌ی فیزیکی (جه‌سته‌یی).
- گه‌شه‌ی داهێنان.
3- وانه‌بێژیی و شێوازی فێرکاری
نیشانه‌ و ئه‌دگاری فێرکاری و فێربوونی کارامه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ مامۆستای پسپۆڕ و دڵسۆزه‌وه‌. چه‌مکی سه‌ره‌کی فێرگه‌ی برادۆست دامه‌زران و ڕاهێنانی مامۆستای دڵسۆز و کارامه‌یه‌ له‌ سه‌ر مۆدێرترین پرۆگرامی فێرکاری وه‌ڵاتانی پێشکه‌وتوو و ڕاهێزانی به‌رده‌وامیانه‌ له‌ لایه‌ن پسپۆڕی فێرکاری تایبەت لە ناوەوە و دەرەوەی وەڵات به‌ درێژایی ساڵی خوێندن.
کۆی هێندێک له‌م خاڵانه‌ی به‌ کرده‌وه‌ له‌ فێرگه‌ی برادۆست پێڕه‌وی ده‌کرێت که‌ بریتین‌ له‌:
- په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی نێوان مامۆستا و خێزان یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئارامی و ئاسووده‌یی منداڵ له‌ فێرگه‌ و گه‌شه‌پێدانی هه‌ستی به‌خته‌وه‌ری و تواناکانی.
- ڕاده‌ی تێگه‌یشتن و زانیاری مامۆستا ده‌رباره‌ی گه‌شه‌ی منداڵ، پێدانی ئه‌زموونی سه‌ره‌تایی، ڕه‌وانبێژی، ڕونکردنه‌وه‌ی بابه‌ت، ڕاهێنانی له‌ ڕێگه‌ی یاریه‌وه‌، ئاخاوتن و شێوازی په‌یوه‌ندی گرتن، په‌رۆشی و له‌به‌رچاو گرتنی هه‌سته‌کانی له‌ ڕێگه‌ی خولی تایبه‌ت و به‌رده‌وامه‌وه‌ مامۆستای پێ ته‌یار ده‌کرێت.
- به‌کارهێنانی پلانێکی کاری تایبه‌ت که‌ یارمه‌تی منداڵ ده‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان له‌ قۆناخی بنه‌ڕه‌تیدا.
- ده‌رفه‌ت پێدان به‌ منداڵ و به‌شدار کردنی له‌ چالاکی فێرکاریی په‌یوه‌ست به‌ ئاره‌زوو و ویستیی، گه‌شه‌ پێدانی لایه‌نی ده‌رک کردن، فیزیکی، کۆمه‌ڵایه‌تی و توانای هاوسۆزی.
- هاندانی منداڵ له‌ بواری په‌یوه‌ندی گرتن، ڕاده‌ربڕین ده‌رباره‌ی چه‌مکی فێربوون و ڕاهێنانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی و خۆبه‌ڕێوه‌بردن.
- سازدانی ژینگه‌یه‌کی ئاسووده‌ و پشتیوان به‌ جۆریک هه‌موو توانا و شایسته‌یی هه‌مووان له‌ به‌رچاو بگرێت.
- به‌کارهێنانی ستراتێژیه‌کی وانه‌بێژی فره‌لایه‌ن که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای پێویستی فێربوونی منداڵ دامه‌زراوه‌.
- دانانی چالاکی تایبه‌ت و هانده‌رانه‌ بۆ منداڵێک توانای تێگه‌یشتنی پتره‌ له‌ ئاخاوتن و ده‌ربڕینی.
- پێدانی ده‌رفه‌ت و پشتیوانی فێربوون له‌ ناو و ده‌ره‌وه‌ی فێرگه‌ و به‌کارهێنانی ئامێر و هۆکاری فێرکاری پێویست.
- پێناسه‌ کردنی فێرخواز له‌ ڕێگه‌ی چاودێری به‌رده‌وام و هه‌ڵسه‌نگاندی بۆ گه‌شه‌ له‌ بواری تایبه‌ت و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خێزانیدا.
- ئامانج ڕوونی و هه‌ڵسه‌نگاندنی سیسته‌ماتیک له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه‌کانی فێرگه‌، ئاستی فێربوون گه‌شه‌ پێده‌دات.
- ڕاهێنان و کۆرسی تایبه‌ت به‌ مامۆستایان پێش ده‌ستپێکی فێرگه‌ و نوێ کردنه‌وه‌ی زانیارییان خاڵی سه‌ره‌کی و به‌شێکه‌ له‌ ستانداردی فێرگه‌.
4. ڕۆڵی خێزان له‌ فێرگه‌
ڕۆڵی خیزان زۆر گرینگه‌ له‌ پرۆسه‌ی فێربوونی منداڵدا، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ بایه‌خێکی زۆر ده‌ده‌ین به په‌یوه‌ندی خێزان و فێرگه‌ و پێمانوایه‌ هاوکاری دوو لایه‌نه‌ زه‌مینه‌یه‌کی باش بۆ ئایه‌نده‌ی منداڵ ده‌ڕه‌خسێنیت. ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ به‌شێکن له‌ ستانداردی فێرگه‌:
- گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵ خێزان پێش ده‌ستپێکی فێرگه‌.
- ڕه‌خساندنی دۆخی ناساندن بۆ هه‌موو منداڵان و مامۆستا پێش ده‌ستپێکی فێرگه‌
- بانگهێشتی هه‌موو خێزانی منداڵ بۆ فێرگه‌ و یه‌کدی ناسینیان له‌گه‌ڵ مامۆستایان لە دەسپێکی بەرایی ساڵی خوێندندا.
- پێدانی ده‌رفه‌ت به‌ خێزان به‌ شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک بۆ وه‌رگرتنی زانیاری ده‌رباره‌ی پێشکه‌وتنی منداڵ و دۆخی فێربوونی.
- هاندانی خێزان بۆ ئاخاوتن له‌گه‌ڵ مامۆستا ده‌رباره‌ی منداڵ گه‌ر په‌رۆشیان بێت.
- سازدانی بۆنه‌ و چالاکی فره‌لایه‌ن و گفتوگۆ ده‌رباره‌ی که‌سایه‌تی تاکی منداڵ.
- هاندانی خێزان بۆ ده‌ربڕینی په‌رۆشیه‌کانیان ده‌رباره‌ی منداڵ چ له‌ بواری جڤاکی و چ له‌ بواری فێرکاریدا له‌گه‌ڵ فێرگه‌.
- ڕه‌خساندنی چالاکی هه‌مه‌جۆر له‌ ماوه‌ی ساڵی خوێندندا بۆ چاندنی هزری هاوکاری نێوان فێرخواز، فێرگه‌ و خێزان.
- سازدانی چالاکی جۆراوجۆر که‌ خێزان لایه‌نی سه‌ره‌کی بێت، په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی ماڵ و فێرگه‌ له‌ ڕێگه‌ی «ده‌فته‌ری په‌یوه‌ندی» ـه‌وه‌، بانگهێشتی خێزان بۆ به‌شداری له‌ پێشکه‌ش کردنی پلانی فێرکاری وه‌رزی یه‌که‌م و گفتوگۆ کردنی پرۆگرام یان مێتودی تایبه‌ت که‌ منداڵه‌کان له‌ خۆ ده‌گرێت.
به‌پێی ستانداردی فێرگه‌ هه‌ر سێ مانگ جارێک کۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی بۆ هه‌موو خێزانێک ساز ده‌کرێت، کە بە «دیداری گەشە» ناسراوە لێره‌دا هه‌موو تاکی خێزان به‌ نۆره‌ و ته‌نیا له‌گه‌ڵ مامۆستا ده‌رباره‌ی دۆخی پێشکه‌وتنی منداڵ گفتوگۆ ده‌که‌ن. خێزان ڕاپۆرتێکی چڕ و کۆنکرێت ده‌رباره‌ی پێشکه‌وتنی منداڵه‌که‌یان به‌ نووسراوه‌ له‌ کۆتایی هه‌موو ساڵێکدا وه‌رده‌گرن.
5- نهێنی پاراستن
لە فێرگەی برادۆست دا، تەواوی ئەو زانیاریانەی کە تایبەتن بە منداڵ لە هەموو بارەیەکەوە، بە نهێنی پارێزراون لای مامۆستای بەرپرس، لەکاتی پێویستدا کەسی تایبەتکار یان بەڕێوەبەری لێ ئاگادار دەکرێتەوە بە مەبەستی هاوکاری کردنی منداڵ. هەم فێرگە و هەم مامۆستا بەرپرسن بەرانبەر نهێنی پاراستنی هەموو زانیارییەک.

« ..... »

Engrade
Username:
Password:
 

چەند لینکێکی تر


گەشت

هەنگاو بە هەنگاو