تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەی لۆ
[[ئەی + لۆ (؟)]]
(ئم.) ١- بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستی و لاواندنەوەی منداڵی بچووک. ئەی لۆ ڕۆڵە گیان چەند ژیرکەڵەیە! ٢- بۆ گاڵتە پێکردن و بەڕاست زانینی قسەیە. ئەی لۆ! تۆخوا بزانە گەزەگەزەی دەزانێ. *ئەیەلۆ.
ئەی هوو
[[ئەی + هوو]]
(ئم.) بۆ دەربڕینی بێ باوەڕی و ناڕازێتی. ئەیهوو ((کەر لە لوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە)). تێبــ.- دووپاتە کردنەوەی نیشانەی بێ باوەڕی و ناڕازێتی تێکەڵ بە تووڕەییە. ئەیهوو، ئەیهوومن چی پێدەڵێم و ئەو چم جواب دەداتەوە.
ئەی هۆ
[[ئەی + هۆ]]
تم؛ ئەهۆ. ئەی هۆ چی بەسەر چێوەیە. تێبــ.- دووپاتە کردنەوەی بێزاری زۆرتر پیشان دەدا.
١- ئەی
(ئم.) ١- بۆ بانگ هێشتن و لە پێش ئەو ناوەدا دێت کە بانگی لێدەکەن. ((ئەی بولبولی بێدانە من و ئێوە هەژارین)) ((هەر دوو وەکوو یەک مونتەزیری فەسڵی بەهارین)) (قانیع: گوڵاڵە-٥٨) ((...دەڵێن ئەی ڕەب: کەنگێ ئەتۆمان برسی دی، یان تینوو یان دە بەندیخاناندا و خزمەتمان بە تۆ نەکرد؟)) (ئینجیل: مەتی-٧٥) ٢- بۆ بانگ کردنی تێکەڵ بە مەترسی، خەفەت و سەرسسوڕمان. ئەی ماڵی وێرانم، ئەی بابەڕۆ، ئەی لەو درۆیە. * ئای، هەی.
٢- ئەی
(ئم.)، (سیم.) تم: ئەدی. تێبــ. - ئەم وشەیە هەر (ئەدی) یەکە و لەبن لەهجەی سلەیمانیدا (د)ەکەی کلۆربووە و بۆتە (ئەیی) و ئەوجار بە جارێک سواوە و کەوتووە. ((... ئەی چۆن، کەس هەیە ئەوە نەزانێت کە تۆ سەرکردەیی...)) (بلە:ژان-١٢٢)، ((...دیوەخان چۆڵ و هۆڵ و ڕووت و قووت، وشترخانە، ئەی چییە؟)) (قزڵجی: پێکەنین-٣٨).
ئەیار
(نا.)، (کعر.) پێنجەمین مانگی ساڵی فەڕەنگی ڕۆمییە، دەکەوێتە نێوان نیسان و حوزەیران، سی و یەک ڕۆژە. * (کعر) ماییس، (کئێر.) مێه.
ئەیاغ
[[تو؛ ایاق (قاچ)]]
(س.) شتی خراپ و گەندە (کاڵا، میوە و...) کە لای دووکاندار بمێنێتەوە و نەفرۆشرێت. ٢- (نا.)، (کئێر.) زێرابی ئەدەبخانە.
ئەیلوول
[[سوریانی]]
(نا.)، (کعر.) مانگی نۆیەمی ساڵی فەڕەنگی ڕۆمییە دەکەوێتە نێوان (ئاب) و (تەشرینی یەکەم)، سی ڕۆژە. * (کئێر.) سێپتامبر.
ئەیوان
(نا.) تم: هەیوان.
ئەیی
(ئم.)، (سیم.) تم: ئەدی. هس.: ٢-ئەی.
ئەیەلۆ
[[ئەی +ئە+ لۆ]]
(ئم.) تم: ئەی لۆ.
ئەیەڕۆ
[[ئەی + ئە+ڕۆ]]
(ئم.) بۆ دەربڕینی داخ و کەسەری تێکەڵ بە سەر سوڕمانەوە. ((... ئەیەڕۆ ڕەشید! ئەوە چیت کرد، چۆن ئەو فێڵەت دۆزیەوە...)) (قزڵجی: پێکەنین-١٠٨). ئەیەڕۆ بابانت خرابێ چۆن لە ڕووت هەڵدێ قسەی وادەکەی. * ئەی ڕۆ.