تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاش
«نا.» ١- دەزگایەکە، گەنم، جۆ و دانەوێلەی تری پێدەهاڕن و دەیکەن بە ئارد، یا بۆ مەبەستێکی تر وردی دەکەن. کۆنترین جووری کە تا ئێستاش لە کوردستان هەر ماوە، ئاشی ئاو کە دوو بەرداشی خڕی هەیە لە سەر یەک دادەندرێن، بەردەکەی بنەوە ناجووڵێ و ئەوی سەرەوە بە زەبری ئاوێ کە بە تەووژم بە دۆڵاشدا دێتە خوار و لە پەڕەی تەمبوورە دەدا دەسووڕێتەوە. ٢- ئەو شوێنە یا ئەو خانوەی کە ئەم دەزگایەی تێدا دەنێنەوە. * ئاسیاو. «زا.» ئاریش «تمـ: ژابا ــ ٥». ئاش بەڕمێنە: دان زۆر هاتووە بۆ هارین. // ئاش بە تاڵ. ئاش بەری هاتووە: ئەوەندەی هاڕیوە قوولکەی ئاش پڕ بووە لە ئارد. ئاش دەکڕێ: دان کەمتر لە پێویست لە «کەویژە» وە دێتە خوار و بەرداشەکان لێک دەخشێن. ئاش دەمیزێ: کونی بەرداشی ژێرەوە کراوەتەوە و دانی پێدا دەچێتە خوار. ئاش فیچقە دەکا: دوڵاش کونی تێ بووە و ئاو بە تەووژم لە کونەکەڕا دەردەپەڕێ. ئاش کەمەرە دەکا: دان خاوە و لە باتی هاڕین و کردنی بە ئارد، دەیجوێ و قەڵت و بڕی دەکا. ئاشی ئاگر: «نتـ.» ماکینەیەکە تازە داکەوتووە و جێگای ئاشی ئاوی گرتۆتەوە، بە ماتۆڕێکی تایبەتی یا کارەبا ئیش دەکا و هەموو ئەو ئیشانە ڕادەپەڕێنێ کە جاران بە ئاشی ئاو دەکرا. تێبــ. ــ کاتێ ئەم مەکینەیە هاتۆتە کوردستان خەڵک ناویان لێناوە و ئەم وشەیە پەیدابووە * ئاشی ئاور، ئاشی مەکینە. ئاشی ئاو: «نتـ.» جۆرە ئاشێکە لە کوردستان باوە و بە ئاو دەگەڕێ، کە دەڵێن «ئاش» مەبەست ئەم ئاشەیە. ئاشی ئاوور: «نتـ.» تمـ: ئاشی ئاگر. ئاشی با: «نتـ.» جۆرە ئاشیکە لە وڵاتانی تر «زیاتر لە ئەورووپا» هەبووە لە باتی ئاو بە «با» گەڕاوە. ئاشی قاوە: «نتـ.» مەکینەیەکی بچووکە ١٥ - ٢٠ سانتیمەتر درێژی و پانی و بەرزایی دەبێ، لە ماڵان ئاڵەت و بەهارات و قاوەی بۆ دراو و ئەم جۆرە شتانەی پایدەهاڕن، بە دەست با دەدرێ. ئاشی گڕێوە ــ ١ - «نتـ.»، «مکـ.» ئاشی زۆر خێرا، ئاشێکی بەرداشەکانی خێرا بسووڕێنەوە ئارد زۆر دروست بکا. ٢- «کنـ.» ا» خێرا خێرا قسە کردن و نۆرەی کەس نەدان: ئەوە چییە دەڵەی ئاشی کڕێوەی، دە نۆرەمەش بدە با دوو قسەبکەین. ب» زۆر بە پەلە خواردن: ماشەڵڵا حەسەن دەڵەی ئاشی کڕێو هیچی بۆ منداڵەکان نەهیشتەوە. تێبــ. ـ ئاشی کڕێوەی ئاشێکی گەورەی ڕێک و پێک و بە ناوبانگ بووە لە دێی «سەردەرابات» ی نیزیکی «ماهابات» زۆر خێرا و زۆری هاڕیوە، لە کاتی گەرانیا وەها خێرا ئاردی فڕێداوە ڕووی ئاشەکەی پڕ کردووە لە تەپ و تۆزی ئارد هەر وەک بەفر ببارێ و «کڕێوە» ی بکا. جا ئەو ناوەیان لێناوە و بۆتە کینایەش بۆ خێرایی. ئاشی مەکینە ــ «نتـ.» تمـ: ئاشی ئاگر.
ئاش
«نا.»، «کک.» چێشتێکی شلە، لە گۆشت و سەوزەیەک «وەکوو: بامێ، بایینجان، کۆلەکە و...» دروست دەکرێ و دەگەڵ قبووڵی و پڵاو دەخورێ. * «سیمـ.» شلە. «کئێر.» خۆرشت. ٢- «سنـ.» هەموو چێشتێک. ٣- «کئێر.» چێشتێکە لە برنج و سەوزە گیایەکی کوڵاو «پنگ، جەعفەری، کەرەوز، کەوەر،... هتددروست دەکرێ و ماست یا دۆ کوشکی خەستی تێکەڵ ئەکەن، ئەگەر ویستان گۆشت یا جەرگ و دڵیش ئەجنن و لەگەڵی دەیکوڵێنن، جاروبارە پیاز و ڕۆنیشی بە سەرا ئەکەن. تێبــ. ــ ئەم وشەیە بە مانای سێیەمی لە فارسیڕا هاتۆتە ناو کوردی. * دۆکڵیو. هس ئاز «تمـ: ئازووقە».
ئاش بە تاڵ
ڕستەیێکە هەر کاتێ ئاش دانی نەما بۆ هاڕین، ئاشەوان بە دەنگی بەرزی وەکوو هاوار دەیڵێ و خەڵکی ئاگادار دەکا تا هەرکەس باراشی هەبێ بیبا بۆ هاڕین. ئاش بە تاڵ کردن ــ «مستـ. متـ.» ١- بانگەوازی ئاشەوان و ئاگادار کردنی خەڵک لە ئامادەیی ئاش □ «... ئاش بە تاڵی بۆ بکە گەر تاقەتی...»، «رەزا - ٧٥». ٢- «کنـ.» واز لە کارێ هێنان و بە جێ هێشتنی بە نیوە و نیوە چڵی: هەر تاقە ڕۆژێ بە کارەکەوە خەریک بوون و ئاش بە تاڵیان لێ کرد. تێبــ. ــ ئەم مەعنایەی تەواو پێچەوانەی «ئاش بە تاڵ» ە کە هاواری ئاشەوانە و داوای ئیش دەکا، کە چی لێرەدا دەست لە ئیش هەلگرتن دەگەیێنێ.
ئاش نانەوە
[[ ١- ئاش + نانەوە ]]
«مستـ. متـ.» ١- دروست کردنی ئاش: پیرۆت وەستایەکی باشی هێناوە ئاشی پێ دەنێتەوە. مام گدروون خەریکی ئاش نانەوەیە. ٢- «کنـ.» سازکردنی گێرە و کێشە و گرفتاری بۆ کەسێ: ئەم کابرایە ئاشێکی بۆ ناوینەوە هەرچی دەکەین ڕزگاریمان نایە.
ئاش و ماش
«نتـ.»، «سیمـ.» وتەیەکە منداڵان کاتێ قسە دەگەڵ یەک دەبڕنەوە، دەیڵێن، وەکوو بیانەوێ بڵێن: هیچمان لە هیچ، یا هەر کەسە لە ماڵی خۆی.
ئاش وەستا
«نتـ. ستـ.» ئەو کەسەیە دەزانێ ئاش بنێتەوە ئەگەر خراپیش بوو چاکی کاتەوە.: مام ئۆمەر ئەش وەستایەکە وەکوو خۆی نابێتەوە. مام خدری ئاش وەستا.
ئاش وەستایی
«حمسـ.» ئیشی ئاش وەستا. کاری نانەوە و چاکردنەوەی ئاش.: ئەرێ کاکەسەنی دێبۆکری ئێستاش هەر ئاش وەستایی دەکا؟
ئاشاخە «غە»
[[ = تو: لای خوارەوە ]]
«ستـ.»، «مکـ.» هەموو شتێکی خراپ و بێ کەڵک. □ «دیسان بۆی تێنام لێفەی ئاشاخە/ لینگی بە ملم وێنەی دووشاخە» [؟] تێبــ. ــ لە مەڵبەندی سنە بە تایبەتی بۆ میوەی گەندە و خراپ بە کار دێت. * «سنـ.» داشاخە.
ئاشانە
[ [١- ئاش + ئانە/ ٣ ]]
«نتـ.» باجێکە، ئاغا و دەرەبەگەکان لەو ناوچە و مەڵبەندانەی، خوردە مالیکییان تێداباوە، لەو کەسانەی دەستێنن کە بۆ خۆیان ئاش دەنێنەوە و بە پێی زۆر و کەمی مزەی ئاشەکە دیاری دەکرێ.
ئاشبگیر
[ [١- ئاش + ب «پێبـ.» + گیر «گرتن» ]]
«نتـ.» چوونی چەتە و دز بۆ سەر ئاش و گرتنی ئاشەوان و بردنی گەنم و دانەوێلە و هەرچی لە ئاشدا هەبێ، تاڵان کردنی ئاش. هس.: خانەبگیر.
ئاشت
«سـ.» حاڵەتی نێوان دوو یا چەند کەس، دەستە، بەرە و دەوڵەت کە ناخۆشی و ناکۆکی یا شەر و کوشتاریان لە نێواندا نەبێ.: سۆسیالیزم و سەرمایەداری ناتوانن پێکەوە ئاشت بن. ئێستا ئەڵمانیا و فەڕانسە ئاشتن.
ئاشت بوونەوە
«مستـ. لا.» ڕیککەوتنەوەی دوو لا کە پێکەوە ناکۆکییان هەبێ: ئام ئاشتبوونەوەیانم بە کەیفێ بوو. لە خۆڕا دەنگیان لێک گۆڕی بوو لە خۆشیانەوە ئاشتبوونەوە.
ئاشتکردنەوە
«مستـ. متـ.» ڕێکخستنەوە و پێکهێنانەوەی دوو یا چەند کەس، دەستە و بەرە و خێزان و دەوڵەتان، کە نێوانیان ناخۆش بێ، دەنگیان پێکەوە نەبێ یا لە حاڵی شەڕدا بن.: ئاشتمانکردنەوە. ئاشتکردنروەیان باشە. هەر چۆنێ بوو ئاشتیانکردینەوە. ئەمریکا هەرچی دەکا عەرەب و ئیسڕائیلی پێ ئاشت ناکرێتەوە.
ئاشتی
[[ ستـ: ئاخشتی.، پهـ: ئاشتیهـ ]]
«حمسـ.» ١- لە بیر بردنەوە و لە بیر چوونەوەی ناخۆشی و ناکۆکی نێوان دوو کەس یا زیاتر. ٢- نەبوون، نەمان و بڕانەوەی شەڕ و شۆڕ لە نێوان دەوڵەتان، یا لە مەڵبەند و ناوچە و جێگایەکدا: پاش تێکشکانی فاشیزم، ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا ئاشتی دنیای تێکداوە. ●«تەبەکی پڕ ئاشتی ماڵێیە». «کنـ.» تێری و تەسەلی بەری شەڕ و شۆڕ دەگرێ.
ئاشتیخواز
«نفا.»، «تتـ..» ١- ئەو کەسەی حەز لە شەڕ ناکا. لایەنگیری ئاشتی ٢- ئەندامی «ڕێکخراوی ئاشتی جیهانی» کە لە پاش شەڕی دووهەم دامەزراوە و دژی شەڕ خەبات دەکا.
ئاشخانە
[[ ٢- ئاش + خانە ]]
«نتـ.»، «کعر.» دووکان یا هەر شوێنێکی دی کە چێشتی بۆ فڕۆتن لێ حازر دەکەن * چێشتخانە، ڕەستۆڕان، لۆقەنتە، مەتعەم «عا.».
ئاشرمە
«نا.»، «سنـ.» تەکەڵتووی زین، نەرمەزین. تێبــ. ــ مردۆخ ئەم وشەیەی بەم جۆرە نووسیوە «تمـ: جـ ١، ل - ١٤» و دوکتۆر معینیش لە «فەرهەنگ: جـ ١، ل - ٦٠» وەک وشەیێکی فارسی هێناوێتی و ئاوای ساغ کردۆتەوە: ئازرەم = ئادرەمە = ئاترەمە = ئاشورمە و گەلێ مەعناشی لێداوەتەوە. جا نازانم «مەردۆخ» خۆی ئاسایی، بۆ نیزیک کردنەوە کوردی لە فارسی ئەم وشەشی لە فارسیڕا هێناوە یاخۆ خەڵکی لادێ لە مەڵبەندی «سنە» بە کاری دێنن. بە لای منەوە ئەم وشەیە زیاتر لە توورکی دەچێت تا کوردی و فارسی.
ئاشفتە
«نمفـ.» «سنـ.» ١- پەرێشان، پەشۆکاو. ٢- شێواو، ئاڵۆز، تێکەڵ و پێکەڵ. □ «بەڵێ دز بازاڕ ئاشفتەی ئەوێ» «تایەر هاشمی». هس.: ئاشووب
ئاشق
[[ = عا.: عاشق] ]
«نفا.» ١- پیاو یا ژنێ کە حەز لە ژن یا پیاوێک بکا. * دڵدار. □ «گەوهەرێ هەی گەوهەرێ!،گەوهەر مەڕۆ لە دواتم. گەوهەر وە قوڕئان قەسەم ئاشقی باڵاتم». ٢- «مکـ.» گۆرانی بێژی ئازربایەجانی، کە بە خۆی و «ڕوبابە» کەیەوە بە چاخانە و دێهاتدا دەسووڕێتەوە و گۆرانی دەڵێ. * شایەر.
ئاشقەوماشقە
[[ = عا.: عاشق و معشوق] ]
«نتـ.» ١- دوو کەس کە حەز لە یەکتر بکەن. ٢- «مجـ.» دوو کەس کە دۆستایەتییان زۆر گەرم بێ و هەمیشە پێکەوە ببیندرێن: ئەوە چییە! ئەم دووانە هەر دەڵەی ئاشقە و ماشقەن. ٣- نێرە و مێیەی «مار» لە حاڵی لێک هاڵانا: ئەم کونە ئاشقە و ماشقەیێکی تێدایە چەند جار دیتوویانن.
ئاشنا
[ [ستـ: ئاخشنا. پهـ: ئاشناک ]]
«س.» ١- ناسیاو، کەسێکی پیاو ناسیاوی دەگەڵی هەبێ، بەڵام نەگەییشتبێتە ڕادەی دۆستایەتی. ٢- «مکـ.» دوکاندار یا کاسبێکی کە پیاو هەمیشە کەل و پەلی پێویستی خۆی لەوی بکڕێ، یا پێچەوانەی ئەمە. ٣- «مجـ.» ١» پێوەند، مەیل.: دەگەڵ نان و پەنیر ئاشنانیم. ب»، «هو.» نیزیکی و ناسیاوی دەگەڵ جێگا و شوێنێک. □ «چەم وە گەرد ڕای کێ ڕۆشنا بۆ» «لەب وە یاگەی پای کێ ئاشنا بۆ» «مەولەوی: مکبـ ــ ٤٢٧». * بێگانە، غەوارە.
ئاشنا و ڕوشنا
[ [ئاشنا + و + ڕوشنا «ڕوو + شناس» ]]
کۆمەڵە ناسیاوی کەسێک، هەموو ئەو کەسانەی کە یەکێک ناسیاوی دەگەڵیان هەیە. ئەم هەموو ئاشنا و ڕۆشنایەت لە کوێ بوو؟ خدر ئاشنا و ڕۆشنای زۆرە. تێبــ. ــ ڕۆشنا هەر وەکوو نیشاندراوە، بە لای منەوە لە «ڕۆ + شناس» پێکهاتووە، یەعنی ئەوەی هەر بە ڕوو دەناسرێ و دۆستایەتێکی ئەوتۆی دەگەل نەگیرابێ. «ڕوشنا» بە تەنیا نە کار نەهاتووە.
ئاشنا پەیدا کردن
«مستـ. ـتـ. » تمـ: ئاشناگرتن١ و ٢.
ئاشنا گرتن
«مستـ. متـ.» ١- سەرەتای ناسیاوی و دۆستایەتی دەگەڵ کەسێ داخستن. ٢- دوکاندارێک ڕەچاو کردن بو شت لێکڕین یا یێ فڕۆشتن.: وا دیارە تازە ئەم ئاشنایەت گرتووە ئاشنایەکی باشت گرتووە، لە سەوداخۆش دەچێ.
ئاشنایانە
[[ ئاشنا + ئانە/ ١ ]]
«ستـ.، بنتـ.» وەکوو ناسیاو. بە شێوەی ناسیاوان.: ئەم کارەتان لە ئاشنایانە نەدەچوو. ئاشنایانە قسەیان دەگەڵ بکەن.
ئاشنایەتی
[[ ئاشنا + ئەتی ]]
ئاشوبگێڕ
«نفا.» تمـ: ئاژاوەگێڕ.