تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



حکوومەتی دەستووری
بە ڕژێمێکی سیاسی دەگوترێ کە بەستێنی دەسەڵاتەکەی بەپێی بەربەستی قانوونی بەرتەسک کرابێتەوە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆریدا حکوومەتی دەستووری دێتە ئاراوە. بە واتایەکی دیکە، حکوومەتی دەستووری لەگەڵ حکوومەتی قانوونی بە یەک مانا لێکدراونەتەوە. قانوون بریتییە لە کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ کە لە لایەکەوە سنووری کردەوەی تاک و کۆمەڵ دیاری دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاستی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار دەکات. هێنانەکایەی پێوەندییەکی قانوونی لەنێوان حکوومەت و هاووەڵاتیان و پابەندیی هەردوولا بە قانوون، لە مەرجە سەرەکییەکانی حکوومەتی دەستووری لە ئەژمار دێت. زاراوەی «ئازادییەکانی تاک» و «جیاکردنەوەی هێزەکان» * یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە حکوومەتەیە.
لە بەرئەوەی ئەم حکوومەتە سیستەمێکی قانوونییە و بنەماکانی بەپێی یاسا دامەزراوە، لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاری هاوشێوە دەنوێنن. حکوومەتی دەستووری، بە دوو شێوازی جودا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، کۆماریی. دووهەم، پاشایەتی. بیرۆکەی حکوومەتی دەستووری لە بنەڕەتەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی (لیبرالیزم) *.
دەستدرێژی
بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە لایەن وەڵاتێکەوە بە دژی حاکمییەت و یەکپارچەیی سەرزەمین یان سەربەخۆیی سیاسی وەڵاتێکی دیکە. لە بەیاننامەی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو سۆنگەوە باسی دەستدرێژی کراوە:
1) مەبەست لە وەڵات، ئەو وەڵاتانەش دەگرێتەوە کە نەبوونە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
2) لە کاتی پێویست، مانای کۆمەڵێک وەڵاتی لێ دەکەوێتەوە.
دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
دەستێوەردان
دەستێوەردان بریتییە لە ڕەفتاری دەوڵەتێک کە ئەنجامەکەی پێشێلکردنی حاکمییەت (بڕوانە فەرمانڕەوایەتی) و سەربەخۆیی ناوخۆیی و دەرەکی دەوڵەتێکی دیکە بێت. بە واتایەکی دیکە دەستێوەردان بە خۆهەڵقورتاندن لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی وەڵاتێک دەگوترێ کە لە ئەنجامدا بشێویی و ئاژاوە لەو وەڵاتەدا دروست ببێت. ڕەنگە هەندێ جار دەستێوەردان بەپێی ڕێکەوتن بێت، وەکوو دەستێوەردانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 لە عێراق بەمەبەستی ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام. بێجگە لەو دەستێوەردانانەی کە بەپێی هاوڕایەتی و وێککەوتنی نێونەتەوەیی دێتە ئەنجام هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری دەوڵەتێکی دیکە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و داگیرکاریی* لە ئەژمار دێت.
دەسەڵات
تێکچنراوییەکی مانایی لە بەینی دەسەڵات و هێز (قدرت) لە ئارادیە. دەسەڵات بریتییە لە «هێزێک کە بە هەقیانەت یان بە عەداڵەت جێبەجێ دەکرێت» واتە بە هێزبوونی هەقیقی. بەڵام ئەگەر دەسەڵات بەم جۆرە پێناسە بکرێت، لە ڕەوایی (شەرعییەت) جیا ناکرێتەوە چونکە هێزی ڕاستەقینە توانستێکی ڕەوایە و وزەی حەقیقیش ئەوەیە کە ڕەوا بێت. گرفتی ئەم چەمکە ئەوەیە کە دەسەڵات چەشنێک لە هێز تەعبیر دەکرێت کەچی ئێستە وا باوە کە زاراوەی دەسەڵات لە تەنیشت زاراوەی هێز بە ڕووکارێکی دایەلیکتیکی بۆ شرۆڤەی شوێنکاتێک بەکار دەبرێت کە فەرمانبردن و بەیدەستی، شتێکی خۆبەخۆ و ئاسایییە و دەسەڵاتدار، بە شوێن ئەم بەیدەستییەوە نەبووە. لە وەها کاتێکدا دەگوترێ کە دەسەڵاتدار، دەسەڵاتی هەیە بەڵام هێزی نییە. بەم قیاسەوە ناکرێ دەسەڵاتی پزیشکێکی بەناوبانگ بەپێی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە دەستوورەکانی بەکار دەبەن، بەراورد بکرێ.
کەواتە دەسەڵات، بەو هێزە دەگوترێ کە بە ڕەسمییەت ناسراوە واتە ڕەوایە و پەسند کراوە و هەمووان ڕێزی بۆ دادەنێن. پێوەندی نێوان دەسەڵات و هێز، پێوەندییەکی ئاسایی و ساکار نییە. بەکار هێنانی بڕست و توانێیی لەڕێی زەبرەوە، بەبێ دەسەڵات مەیسەر نابێ. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕاستەقینە بێتە مەیدانەوە ئەبێ مافی فەرمانڕەوایی و کاریگەریی لەسەر خەڵک هەبێت. ئەم مافە بەپێی ئەخلاق و قانوونی کۆمەڵگە کە باڵانوێنی بەرژەوەندی گشتییە، دەستەبەر دەبێت. بەم واتایە دەسەڵاتی ڕاستەقینە زامنی بوونی هاوڕایەتی و هاودەنگییە.
لە لایەکی دیکەوە هەر کە دەسەڵات پاوەجێ دەبێ، خێرا بەرەو بێئاکاریی و گەندەڵیی دەڕوا و دەبێتە گوشارێکی کۆمەڵەکی بێئەوەیکە ئەو کەسەی دەسەڵات بەڕێوە دەبات، کەسێکی شایستە یان دەسەڵاتدارێکی دادپەروەر بێت. لە وەها کەشێکدا دەسەڵات دەبێتە سوڵتە و بێدادیی و فەرمانکردن بە پێی زۆر و ستەم.
جاری وا هەیە دەسەڵات مانای دژ بە یەک دەدات، بۆ وێنە:
ــ دەسەڵات لەگەڵ ڕەخنەی شەخسی و ئەزموونی ڕاستەوخۆ بەرەوڕوو ئدەبێتەوە، چونکە ئەندێشە یان بڕوایەک لە دەرەوە دادەسەپێنێ.
ــ نرخ و بایەخی زانستی یا ئەخلاقییانەی کەسانی پسپۆر یان بیرمەند لە دۆخ دەدا: بۆ وێنە دەگوترێ فڵانە بیرمەند دەسەڵاتدارە (واتە پلە و پایە یەکی بەرزی هەیە) .
دەسەڵاتی نەتەوەیی
کۆمەڵێ وزە و توانێیی مادی و مەعنەوی کە لە قەڵەمڕەوی «یەکە»یەکی جوگرافی و سیاسی بە ناوی وەڵات* ئامادەیە کە بریتین لە:
1ـــ بەروبووم، شوێنکات، کەشوهەوا و تۆپۆگرافی قەڵەمڕەوی نەتەوەیی.
2ـــ سەرچاوە سروشتییەکان، وزە و مادەی خۆراکی بەرهەم هێنراو.
دەسەڵاتی نەتەوەیی، گرێدراوە بە گەشەسەندنی ئابووری و سیاسەتی سەربەخۆ، هێزی خەباتکار، ئارمانج و ئارمانی بەررز، دیموکراسی و هەست وخوستی نەتەوەیی.
سپاردنی دەسەڵات
سپاردنی دەسەڵات بە مانای ئەوەیە کە کەسێک یان ئەنجومەنێکی خاوەن دەسەڵاتی یاسایی یان سیاسی، بەشێک یا تەواوی دەسەڵاتی خۆی بسپێرێتە کەسێک یان جەماعەتێکی ژێردەستی خۆی. ڕەنگە دەسەڵاتی نوێنەرێک بە ڕێژەی دەسەڵاتی پەرلەمانتارێک جیاوازی بەرچاوی هەبێت.
ناوچەی ژێر دەسەڵات
زاراوەیەکی جوگرافییە بەواتای ناوچەیەک کە تێیدا باڵادەستیی سیاسی یان ئابووری وەڵاتێک بە ڕەسمییەت ناسرابێت ئەگەرچی دەسەڵاتێکی کەموکووڕیش بێت. ناوچەی ژێردەسەڵات، لەوانەیە یەکلایەنە ڕابگەێیندرێت: یان چەند لایەنە بێت. بۆ نموونە دابەشکردنی ئێران بەپێی ڕێککەوتنامەی دوولایەنەی سۆڤیەت و بەریتانیا لە ساڵی 1907 بە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی باشوور بۆ بەریتانیا و باکوور بۆ سۆڤیەت.
نوخبەی دەسەڵات
ئەم زاراوە لە لایەن ڕایت میلز (1962-1916) کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەرحەق بەو کەسانە بە کار هات کە لە سەرووی هایراکی دەزگە گەورەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ وەک کۆمپانیا و دەوڵەت و سوپا دائەنیشن.
هێز/دەسەڵات
هێز، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی زانستی سیاسەتە کە بە مانای وزە و توانایی کەسێکە بۆ پێملکردن و تەسلیم ڕاگرتنی جەماعەتێک لە بەرانبەر خواستەکانی ئەو کەسەدا بە هەر شێوازێک. بە واتایەکی دیکە هێز، کۆمەڵێ سەرچاوە و ئامرازی زۆرەملانە و ئارەزوومەندانەیە کە حکوومەتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵات بەکاری دەهێنن. پاراستنی سەرچاوەکانی هێز و چۆنییەتی دابەشکردنی و خەبات بۆ وەچنگ هێنانی، گرینگترین بابەتی توێژینەوەی زانستی سیاسییە. هەروا زۆرینەی زانایانی سیاسی پێوەندییەکانی هێز بە کاکڵی سیاسەت دەزانن و دەڵێن ئەو شتەی پێوەندی مرۆ لەگەڵ پێوەندییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، هێزە. خەباتی حیزب و حکوومەتەکان لە پێناو هێزدایە: بۆ وەدەست هێنانی هێز، پاراستن یا بۆ نوێندن و نومایش کردنی هێز.
بیرمەندانی سیاسی، هەوڵیان داوە ئەم چەمکە لەگەڵ زاراوەی دەسەڵات authority لێک جیا بکەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا نە لە زاری ڕەشۆکی و نە لە زانستی سیاسەت، ڕێککەوتنێک لەمەڕ ئەم زاراوە پێک نەهاتووە. چونکە هەندێ جار وشەی هێز لەگەڵ دەسەڵات، دەسرۆیین، زۆرداریی، زۆرەملێ و… بە هاوواتا زانراوە. هێز خاوەنی چەند سەرچاوەیەکە کە بریتین لە:
1ـــ زانیاری: ئەم سەرچاوە یارمەتیدەری فراژووتنی ئاوەز و ڕۆحی مرۆڤە. لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیاردا هیچ ڕێبەرێک ناتوانێ بێ زانیاری دەستی بە هێز بگات.
2ـــ ڕێکخستن: ڕێکخستن لە جەوهەردا هێز دەبەخشێ. لە سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیدا حیزبە سیاسییەکان بۆ وەدەست هێنانی هێز، ڕێکخراوە سازدەکەن.
3ـــ هەلومەرج: هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خاوەنەکەی یارمەتی دەدات کە هێز و دەسەڵاتی خۆی زیاتر بکات.
4ـــ دەسەڵات: دەسەڵات بە واتای هێزی ڕەوا و شەرعییەتدارە. ئەگەر کەسێک دەستی بگاتە پلە و پایەیەکی ڕەوا و یاسایی، هێزی ڕێبەرایەتییەکەی زیاتر دەبێ.
5ـــ لێهاتوویی: وەشاوەیی و شارەزایی، هێزی مرۆ زیاد دەکات و لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات، سەرکەوتووی دەکات.
6ـــ ئیمان و بڕوا: مانەوەی ڕێبەرێک لە دەسەڵاتدا پێویستی بە بڕوایەکی گشتی هەیە.
7ـــ میدیاکان: میدیاکان سەرچاوەیەکی گرینگی هێز و دەسەڵات لە ئەژمار دێن. بەرپرسانی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن و … دەورێکی باڵا دەگێڕن لەمەڕ زاڵبوون بەسەر ڕای گشتیدا.
ئەگەر هێز لەسەر بنەمای زۆر و سوڵتە دامەزرابێت، فەرمانبەران بە ڕەوای نازانن و هۆی فەرمانبردنیان، دەگەڕێتەوە بۆ ترس. بەڵام ئەگەر فەرمانبەرانیش خاوەنی هێزێکی کۆمەڵایەتی بن و هێزی فەرمانڕەوا بە شەرعی و ڕەوا بزانن، ئینجا هێز دەبێتە پاڵپشتێکی ڕەوا. حکوومەتی خەڵکیی کاتێک پیادە دەکرێت کە لە نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانبەراندا هیچ لەمپەرێک نەبێت.
یاسا / دەستوور
1ــ کۆمەڵێک ڕێسای پێویست و ناچاریی کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆ حوکم دەکات و پیادەکردنەکەی لە لایەن دەوڵەتەوە مسۆگەر دەکرێت.
2ــ ویست و ئیرادەی تاقمی دەسەڵاتدار کە لە قەبارەی یاسادا دەگونجێت.
3ــ کۆمەڵێک بڕیار کە بەسەر پێوەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا حوکم دەکات.
4ــ ڕێوشوێنێک کە لە لایەن دەسەڵاتێکی گشتی دیاری دەکرێت کە دەبێ هەموان پەیڕەوی لێ بکەن و ملکەچی بن.
یاسا، بەرهەمی قەبارە و سیمای ژیانی مرۆڤە. لەبەرئەوەی ژیانی مرۆ هەمیشە ئامادەی گۆڕان و وەرچەرخانە، یاساش هەمیشە تووشی گۆڕان دەبێت بەڵام هەر چەشنە گۆڕانێکی بنچینەیی بەسەر یاسادا لە پاش ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەگاتە ئەنجام. هەرکەس وەک مرۆڤێک و بە پێوانەی ویژدانی خۆی مافی ئەوەی هەیە یاساکان هەڵسەنگێنێ و لێیان وەکۆڵێت. هەرکاتێک ویژدانی، یاساکەی پەسند کرد، ئینجا پەیڕەوی لێ بکات و ئەگەریش پەسندی نەکرد نابێ بۆ پیادەکردنەکەی هەنگاو بنێت.
باڵادەستی قانوون
سەرەکیترین بنەڕەتی مافی ئیداری وەڵاتەکان، باڵادەستی قانوونە کە بەو پێیە ئەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دەرکردنی فەرمانی کاربەدەستانی ئیداری دەوڵەت، لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون سێ دەرەنجامی لێ دەبێتەوە:
1ــ یاسا ئەبێ پیادە بکرێت.
2ــ دیاریکردنی کاروباری گشتی ئەبێ بەپێی یاسا بێت.
3ــ هەڵسوکەوتی ئیداری ئەبێ لەگەڵ یاسادا بگونجێ.
باڵادەستی قانوون لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا بەسراوەتەوە بەم مەرجانەی خوارەوە:
1ــ خەڵک گوێڕایەڵی یاسا بن.
2ــ ملدان بە دەستوورەکانی یاسا.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.