تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



گوبینیزم
بیروبڕوای ژۆزف گۆبینۆ (1882ـــ 1816) دیپلۆمات و ڕۆژهەڵاتناسی فەرەنسی کە لە کتێبەکەی خۆی بەناوی «نایەکسانی ڕەگەزی مرۆڤ»، لەسەر بنەمای باڵادەستی ڕەگەزی ئاریایی دایڕشتووە. ئەم بیروبڕوایە دواتر کاریگەری زۆری لەسەر «ئەفسانەی باڵادەستی ڕەگەزی نۆردیک» و فەلسەفەی ئەڵمانیای نازی دانا.
جیهانبینی
ڕەگی ئەم وشە ئەڵمانییە و بە مانای«روانین بۆ جیهان»ــە. لە فەرهەنگی فەلسەفی ئەڵمانیدا بە مانای وێنایەکی گشتییە لە جیهان و بە پێگە و هەڵوێستی ئینسان لەناو خۆیدا لێکدراوەتەوە. جیهانبینی ڕوانین و تەفسیرێکی تایبەت لە گەردوون و ژیان دەدا بەدەستەوە.
لە زاراوەدا بریتییە لە دەزگەی تیۆری و مەفهوومی و وێناندنی جیهان. بە مانایەکی بەربڵاو هەموو تیۆرییەکانی ئینسان لە بارەی جیهانی دەوروبەر، هەر لە تیۆری و بیرۆکە فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانەوە بگرە هەتا ئەخلاق و هونەر و زانستە سرووشتییەکان دەگرێتەوە. بەڵام مانا جەوهەری و کاکڵەکەی بریتیە لە تیۆری و بیر و بڕوای فەلسەفی.
بەگشتی جیهانبینی، سێ ڕێچکەی لێ بۆتەوە:
ـــ جیهانبینی زانستی
ـــ جیهانبینی فەلسەفی
ـــ جیهانبینی ئایینی
ڕەشبینی سیاسی
نەخۆشیەکی دەروونی و عەقڵیە کە هەر کەسێک تووشی بێت، هەست بە ستەم و چەوساندنەوە دەکات و پێی وایە خەڵکانی دیکە بۆ لەناوبردنی ئەو نەخشە و پیلان دەکێشن. ئەم نەخۆشییە حاڵەتێکی کۆمەڵایەتیش لەخۆ دەگرێ کە بەو پێیە گومان دەکرێت کاروبار و ڕووداوە گرنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە دەستی نادیار و پیلانی سیاسەتی بیانی بەڕێوە بچێت. هەندێ جار ئەم زاراوە لەگەڵ تێوری یا وەهمی پیلان بە یەک مانا لێکدراوەتەوە.