دایکوباوکانی هێژا،
دوبارە سڵاوتان لێ بێت، دوێنێ یەکشەممە ڕێکەوتی 17/06/2012 گەشتەکەی شاری کۆیەمان ئەنجام دا لەگەڵ فێرخوازانی پۆلی سێیەم و چوارەم، بەرنامەی گەشتەکەمان بەم جۆرە بوو،
هەموان لە فێرگە لە کاتی خۆیدا ئامادە بووین و سەعات 7ی سەرلەبەیانی کەوتینە ڕێ، لەبەر ئەوەی ڕێی هەیبەت سوڵتان نۆژەن دەکرێت و لە ئێستاشدا ڕێی ئۆتۆمبێلی گەورە نیە، بە ناچاری بە ڕێی دووکاندا بە چیای زەردا لە سەرووی گوندی کلکەسماقەوە بۆ دەشتی کۆیە شۆڕبووینەوە.
قەڵا (قشڵە)ی کۆیە کە ئێستا کراوەتە مۆزەخانە یەکەم هەواری سەردانەکەمان بوو، ئەم قەڵایە شوێنێکی مێژوویی دێرینە، لەڕێی بەرپرسی فەرمانگەکەوە بەوردی بۆمان ڕوون کرایەوە و سەردانی هەموو شوێنە گرنگەکانی قەڵایەکەمان کرد.
هەواری دوەم، لە سەر پێشنیازی فەرمانگەی شوێنەوار، بە هاوڕێیەتی بەڕێوەبەری فەرمانگەکە سەردانی دێری «مەربێن قەدیشە» مان کرد کە مەزارگەیەکی پیرۆزە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە و شوێنەوارێکی دێرینی شاری کۆێیە. ئەم شارە لە کۆنەوە خاوەن فەرهەنگێکی هەمەڕەنگە، برایانی کریستیانیش لەمێژە دانیشتووی ئەم دەڤەرەن، باسێکی سەرنج ڕاکێشیش هەیە لەسەر ئەم شوێنەوارە، موسوڵمانان بە شوێنی خۆیانی دەزانن و دەڵین ئەم مەزارەی هی «شێخ محەمەد» ناوێکە و ..هتد، کریستیانەکانیش دەڵێن ئەمە ناوی «ماربن هاگم» و ..هتد. لە ئێستاشدا هەردوولا سەردانی دەکەن و پێیان جێیەکی پیرۆزە.
پاشان سەردانی فێرگەی برادۆست ـی کۆیەمان کرد و نانی نیوەڕۆنمان لەوێ خوارد، دواتر چوینە ناو گەڕەکەکۆنەکانی کۆیە، سەرەتا سەردانی یەکەم مەدرەسی «جەلی زادان»مان کرد کە پێش چەند سەد ساڵیک لەسەر دەستی عەبدولڕەمان پاشای بابان بۆ مەلا عەبدولڕەحمانی کاکی جەلی بنیاد نراوە، یەکەمین مەدرەسەی ئاینی بووە و تا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابوردوو بەردەوام بووە کە یەکێکە لە مەدرەسەر هەرە بەرزەکانی کوردستان و ئیسلامەتی، مەلای گەورەش یەکێکە لە زانا بەناوبانگەکانی ئەم مەدرەسەیە.
پاشان سەردانی مزگەوتی مەلا ئەسعەدی جەلی زادەمان کرد، ئەوجا چوینە بەردەمی ماڵی مەلای گەورە و پاشان چوینە سەردانی مزگەوتی گەورەی کۆیە کە لە ساڵی 1844دا دروست کراوە و مەدرەسە و مزگەوتی مەلای گەورەش بووە. پاشان چوینە ناو قەیسەریەی کۆیە و خانە بەناوبانگەکەی. لە گەڕانەوەشدا کە لە کۆیە دەرچووین چوینە گوندی قەیسەری و سەردانی شوێنەوارێکی دێرینی دیکەمان کرد کە لە ڕووی تەلارسازیەوە سەنگی خۆی هەیە.
بە کورتییەکی شارێکی مێژووی وەک کۆیە، پێویستی بە چەندین سەردان و تۆژینەوە هەیە، ئەم سەردانەی ئێمە تەنها وەرگرتنی بیرۆکەیەک بوو بۆ ئایەندە.
شاد و سەرفراز بن ...
سەجاد عەبدوڵا      2012-06-18