گەشتی فێرگەی برادۆست بۆ قەڵای هەولێر و منارەی چۆلی،


لەکۆتایی وەرزی یەکەم بەڵێنمان بە فێرخوازان دابوو کە گەشتێکی هەولێر بکەین، لەکۆبوونەوەی دایکوباوکان لە ڕێکەوتی2012.04.23پێشنیازی ڕۆژی یەکەمین شەممە 28.04 کرا بۆ گەشتەکە. ڕۆژی پێنج شەممە نامەیەکمان ناردەوە بۆ ماڵەوە بۆ زانینی بەرنامەی گەشتەکە و پێداویستی منداڵەکانیان،
بەیانی ڕۆژی شەممە سەعات 8.30 بەیانی لە فێرگەوە بەڕێکەوتین کە پێک هاتبووین لە 16 فێرخواز و 6 مامۆستا، مامۆستا ڕاستی کەدەکاتە باوکی یەک لە فێرخوازەکان وەک هاوکارێک لەگەڵمان بوو، فێرخوازەکان بوون بە 5 گرووپ و هەر گرووپەو مامۆستایەک سەرپەرشتی دەکردن و خۆشم بە هاوکاری مامۆستا ڕاستی سەرپەرشتی هەموویانم دەکرد.
کاتژمێر 10.00 گەیشتینە ناو قەڵا لەسەرەتاوە ئەفسەرێک لە گەڵمان هات بۆ ناساندنی شوێنەکان، لەبەر ئەوەی ڕۆژی شەممە بوو مۆزەخانەو هەندێک شوێنی دیکەداخراو بوون، چووین بۆ ئەنتیکەخانەی قەڵا شتومەکی زۆر کۆنی لێبوو، هەر مامۆستایەک لەگەڵ گرووپەکەی خۆی بوو، ئینجا چووین بۆناو خانووەکان و ئەفسەرەکە ئەو خانوەی پیشانداین کە زنجیرە درامای مەمی ئالانی لێ کرابوو، خانوەکان زۆر جوان بوون کە تائێستا خانووی وام لە هیچ شوێنێک نەبینیوە، بە زۆربەی شوێنەکانی ناو قەڵادا گەڕاین و شوێنی زۆر جوانمان بینی لەکۆتاییدا منداڵەکان زۆر سوپاسی ئەفسەرەکەیان کردوو دەستخۆشییان لێکرد.
سەعات 11:15 لەقەڵاوە بەڕێکەوتین بۆ منارەی چۆلی، هەر لەناو دەرگەی پارکەکەوە ئەو باخە پڕلە دار و گوڵی ڕەنگاو ڕەنگە سەرنجیان ڕادەکێشای، لەوێش یەکێک لە پاسەوانانی باخەکە لەگەڵمان هات بۆ پێدانی زانیاری لەسەر منارەی چۆلی، کەگەیشتینە لای منارەکە هەموو لەدەوری پاسەوانەکە کۆبووینەوەو گوێمان بۆ ڕاگرت، منارە نزیکەی 820 ساڵ بەر لە ئێستا دروست کراوە لە بەرد و گێچ و قسڵ لەلایەن وەستا مەسعود موراد، لەخوارەوە لەشێوەی هەشت پاڵوو دروستکراوە دوودەرگای هەیە بۆ سەر کەوتن کە پەیژەی بەسەرکەوتنی لەهەر دەرگایەکەوە جیاوازە تا دەگاتە سەرەوە، لەهەردوو جەنگی جیهانیبە هۆی بۆردوومان کردنەوە لە درێژیەکەی ڕوخاوە دوای ڕوخانی درێژیەکەی 36 مەترو ژمارەی پەیژەکانی 124 پەیژەیە، فێرخوازان داوای ئەوەیان کرد کە بەسەر بکەون بۆ سەر منارە بەڵام پاسەوانەکە بۆی ڕوون کردنەوە کە لەتوانای هەموو کەسێک دانیە بەو هەموو پەیژەیە سەرکەوێت، منداڵەکان زۆر سوپاسی پاسەوەنەکەیان کردوو ماڵئاوایمامان لێ کردن، پاسەوانەکە پێی گوتین بەڕاستی جێگەی دڵخۆشییە کە نەمبینی هیچ یەکێک لە مناڵەکان دەست بۆ گوڵێک ببات کە بەردەوام کێشەی ئەوەیان هەیە لەگەڵ ئەو کەسانەی سەردانی ئەو پارکە دەکەن.

کات بوو بە 12:30 نیوەڕۆ و منداڵەکان داوای نان خواردنیان کرد و بەڕێکەوتین بۆ چێشتخانەی لادێشوێنێکی زۆر ئارام و خۆش بوو منداڵەکان،سەرەتا دەستوچاویان شوشت هەر گرووپەو لەگەڵ مامۆستاکەی لەسەر مێزێک دانیشتوو و دوای کەمێک حەسانەوەو سوپ و سەڵات خواردن ئینجا داوای خواردنیان کرد. هەر کەسەو بە ئارەزووی خۆی، زۆر بە ئارامی و پاکوخاوێنی نانیان خوارد، کەتەواوبووین خواحافیزیمان کرد داوای لێبووردنمان کرد ئەگەر سەخڵەتمان کردبن بەهۆی منداڵاکانەوە لەوەڵامدا بەرپرسی چێشتخانەکە گوتی «بۆ ئێوە منداڵتان لە گەڵ بوو؟!».
لەوێوە بەڕێکەوتین بۆ پارکی فامیلی فەن و سەعات 02:45 خولەک گەیشتینە ئەوێ فێرخوازەکان داوای ئەوەیان کرد سواری چەند یاریەک بن بەڵام هێشتا ئەو کارمەندانە نەهاتبوون کە بلیتیان دەفرۆشت، تا ئەوکاتە لەناو باخێک دانیشتین و چەند یاریەکی خۆشمان کرد هەموان بەشدار بوون، دوای یاریەکان شەربەت و گەنمەشامی و پەشمەکیان خواردوو سەعات 5 ی دوای نیوەڕۆ بەڕێکەوتینەوە بۆ کۆیە، لەڕێگە تا گەیشتینەوە کۆیە هەموان قسەی خۆش و گۆرانی گوتن بووین و هەندێکیشیان خەوتن.
لەم گەشتەدا هەستمان کرد کە منداڵەکان زۆر گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە و لە هەڵسوکەوتیان منداڵێکی هەشت و حەوت ساڵی نەبوون بەڵکو زۆر لەوە گەورەتر بوون، ئەنجامی کارەکانی خۆمان لە ئاکار و ڕەفتاری منداڵەکاندا ڕەنگ داوەتەوە. لە داهاتوودا لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکان ئەم گەشتانەش بەپێی شوێن و خواست، بەردەوام دەبن.

سکاڵا حەمەد ئەمین
کوردستان-کۆیە
بەهاری 2012