گەشتێک بۆ سەرزەمینی بابان
سەرلەبەیانی ڕۆژێکی خۆش لەڕانیە له بەردەم فێرگەی برادۆست بەمەبەستی گەشتێکی زانستی بۆ شاری سلێمانی بە پلانێکی پێشکات داڕێژراو،کۆبوینەوە. هەموو منداڵانی پۆلی سێیەم و چوارەم لەگەڵ مامۆستاکانیان (خانمان پەیمان و نیسان) و هاوکاری هەردوو خانمان ڕاز و تەزرە، بە سەرپەرشتی مامۆستاکاروان لە سەعاتی 8ی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 08/04/2012 دەستمان بەڕۆیشتن کرد بە هاوکاری برای شۆفێر کاک مەهدی، کە دۆستێکی دێرینی فێرگەکەمانە.
لەڕانیه چوینە دەرڕووەو شارۆچکەی چوارقوڕنە، وڵات قەڵەباڵغ بوو،کارمەند بۆ فەرمانگە،فێرخواز بۆ فێرگە وبرسیش بو نانەوا ...هتد.ساتێک وەستاین ئاومان بۆ هەموان کڕیی و بەڕێ کەوتینەوە.پاسەکەمان نەرم نەرم بە کانی ماران وگردجان وقەرەنیاغاتێپەڕی.لە ڕێگەدا پرسیارم لەخۆم دەکرد، ئایا ئەبێ گەشتەکەمان سەرکەوتوو بێت؟دڵنایم سەرکەوتوو دەبێت!،بەرپرسایەتییەکی گرانه،بەڕاستی هەنگاوێکی بۆیرانەیه.لە ناخی دڵەوه هیوایی سەرکەوتن دەخوازم.له قەمتەران نێزیک بوینەوەکە دەنگی مامۆستا کاروان هات؛«ئەها منداڵینه ئەوە دەشتی بیتوێنه!» ئەمجارەیان کەوتینە پێشوازی گوندەکانی قەسرۆک وکڵاوسوران بەڵام هیزۆپیش لەو پێشوازیکردنە بێ بەش نەبوو.ئاوه ڕونەکەی بن پردی هیزۆپ کەله خۆشناوەتی سەرچاوه دەگرێت ڕووە بەنداوی دووکان شۆڕدەبووەوە. من که خۆم بەیانی نانم نەخواردبووزۆریش برسی بوم و بڕیاربوو لە کانی وەتمان بوەستین و خواردنێک بخۆین، که تابلویەکەی «کانی وەتمان،خەلەکان»م دیت ڕەنگوڕوم هاتەوە بەر.چاوێکم لە دواوه کرد مامۆستا پەیمان وەک دەمی هەمیشە ڕوو بەخەنده بوو و لەگەڵ فێرخوازان، مامۆستا نیسانیش لە پێشەوە دانیشتبوو، ئەوانی زووتردابەزین، بەیەکەوە هەموو لە من برسی تر بوون، ڕۆژڕۆژی کابرایی ساحەب دوکان بوو.خوا ڕزقی بدات، هەندێک خۆیان پڕکرد هەندێک بەتاڵ.
کانی وەتمانیش یەکێکە لە گوندە دڵگیرەکانی وەڵات، بە تایبەت ساڵانێکە بوەتە هەواری ڕێبواران.پاش وچانێک، کاکی شۆفێر پێی له پێداڵی گاز نا و تایەکەی سوڕان وپاسەکه جوڵەیەکی دایەوه خۆیی بۆ ڕۆیشتن.به گوتنی سروودی کوردستان،بە ئاڕاستەی گوندی خەلەکانیان ڕۆیشتین. لە کۆسرەتم ڕوانی،دیتم هەتا دێت سەخت و پتەوتر تر دەبێت.ناوچەیەکی زۆر جوان بوو، جلی بەهاری و سەوز هەر شایەنی کوردستانه.یادێکیش له کاکه ڕزگار مامە که دەرفەتی ئەوەمان هەبوو بکەوینه چوارچێوەی کامێراکەی، کەسێکی زۆر ئارامگره، دڵنیام گەشتێکی خۆش دەبێت. لەگەڵ ئەو له یادم چوو سەرەتا باسی بکەم،ئەویش هەر له ڕانیه لەگەڵمان هات بۆ تۆمارکردنی ساته خۆشەکانمان. لۆفەکانی دوکان بۆ خوارەوه پاڵیان دەناین بەڵام کاکه مەهدی (شۆفێر)سوکانی بۆ لایی وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبای دوکان که ئامانجیشمان هەر ئەوێ بوو، سوڕاند.منداڵەکان بەشێوەیەکی ڕێک ڕیزبوون، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو بۆم، نەیاندەهێشت کەس مۆبایل بباتە ژوورێ، لەگەڵ ئەوەی کە مۆبایلەکانیشیان لێستاندبووین، بەڵام هەموو منداڵەکانیان پشکنیەوە!!، لەوانەیە حەقیشیان بێت چونکە ڕۆژانە گەنجان و فێرخوازان لە هەموو لایەکەوە ڕوویان تێدەکەن، ئەوانیش بێ مۆڵەت و بێ بۆنە وێنە دەگرن، ئەمەش نیگەرانی بۆ کارمەندان دروست دەکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت بۆمان ڕوونکردنەوە کە ڕێگەیان بە کاک ڕزگار دا کامێراکەی بێنێتەژوورێ.
لە پرسگەکە لەلایەن کارمەندێکی میکانیکی پێشوازی کراین، ئەوجا ڕووبەڕووی بەنداوەکە ڕاوەستاین و زانیاری بنەمایی لەسەر شوێنەکە پێداین، ئەوجا بەڕیز بەڕێکەوتین بەرەوە نهۆمەکانی بەنداوەکە. پێی ڕاگەیاندنین کە بەنداوەکە لە 13 قاتی چونەخوارەوە پێکهاتووە.لەو کاتانەدا کە دەگەڕاین بە نهۆمەکاندا هەستم به بەرپرسیاری کردله هەمبەر بەکارهێنانی کارەبا. ژیان لە 130 قادرمه (پلیکانە) بۆ ژێر زەویی ژیانێکی دیکەیە.ئێمە دەبێ یارمەتی ئەو دۆستانەی بەنداوەکە بدەین، باشترین هاوکاری بۆ ئەوان «دروست» بەکارهێنانی کارەبایه.هیوام تەندروستی سەرجەم کارمەندانی ویستگەکەیه به ژن و پیاوەوە.
دور کەوتینەوە له بەنداوی دوکان کەچی چیای دابان هەر چاودێرمان بوو.دەمێک چووم بۆ لایی فێرخوازان له دواوه به زۆر هەتا قایشم (کەمەربەندی سەلامەتی) پێ بەستون سەرم سپی بوو (ئای له دنیایی مناڵان!)،ئەوجا سلێمانیمان لێ دیار کەوت، ئەڵێی ئاهەنگە دەنگی هۆڕنی سەیارەکان کیلۆمەترها دەڕوا ئەو سەقافەته منی کوشتوه!.که چوینە نێو شار، له هیچ جێ لامان نەدا، یەکسەر بەرەو مۆزەخانەیی سلێمانی ڕۆیشتین.کۆمەڵێک ئاسەواری ئەرزشمەندی لێ بوو.لە دەروازەی ژوورەوەدا، بەرانبەرمان پەیکەرەکانی پاشا نەرامسین،پاشایی ئەکەدیەکان، ئەشکەوتی قزقاپان و پاشایەکی دیکەی دروستکرابوون. و هەروەها یاسایی حەموڕابیشی لێ بوو، هەر زوو دووخانمی نازدار پێشوازیان کردین و کردینیانە دوو گروپ، ئەوجا بەنێو مۆزەخانەکەدا گێڕاینیان. لە کۆتایی بەرنامەکەدا، هەموانیان لە شوێنی دانیشتنەکان کۆکردەوە و دوو فیلمی زانستیمان تەماشا کرد. پاشان هەموان برسی بووین و بڕیارمان دا بچین بۆ نانخواردن، لەسەر خواستی مناڵان گۆشت و کەبابمان کڕی و بردمانە پارکی ئازادی و خواردمان. که تەواو بوین بەرەو مەبەستێکی ترمان بەڕێ کەوتین دوو سێ شەقام بەپێ ڕۆیشتن تا گەیشتینە بەر دەرکی «ئەمنە سوورەکە»ی بەناوبانگ،قەسابخانەی کوردەکان،لاقی چونه ژوورەوەم نەبوو ئێستاش هەربۆنی خوێنی لێدەهات، بەڵام ئێمە منداڵەکانمان نەبردە هیچ شوێنێکی ترسناک وەک زیندانەکان و شوێنی شکەنجە (هەر منداڵان، لەلایەن کارمەندانی مۆزەخانەوە بۆیان نیە سەردانی ئەو جێیانە بکەن). نێزیک بینایەک بووین چووین بۆ سەرەوە بەشی کەلەپوری، جلی کوردی ڕەسەنی زۆرجوانی لێ بوو.ئەو جلانەی حەپسەخان لە بەری دابوون هەرشایەنی ئەوبوون،لە دیوەکی ترشێخ مەحمود وەستابوو کە بەڕاستی دیمەنێکی زۆر سەیرە! هەم سامناک و هەم پڕ بەدڵ هەستێکی پەرۆشی و کوردایەتی لە خوێنمدا دەهات و دەچوو!.
پاشان چوینە ناو حەوشەکە، تۆپ و دەبابە تێکشکاوەکان لە حەوشەکەدا دانراون، بەڕاستی ئەم تانک و چەکانە بوون کە وەڵاتیان وێران کردون، بۆ نەوەکانی داهاتووش گرنگە ئاگاداری ئەم باسانە بێت، فێرگەش لەبارترین شوێنە بۆ گەیاندنی ئەم پەیمانە، هەر بۆیەش ئێمە منداڵەکانمان لەم بنی دونیاوە هێناوە بۆ ئێرە. مرۆڤ کە ئاڵای کوردستان دەبینێت بە شەکایەوەیی، ئیدی هیچ لە دڵی دا نامێنێت.
باڵەخانەی مۆزەخانە، هەمووی جێی فیشەکی شێرەمەردانە لەسەر دیوارەکانی، هەر دەتگوت چقڵەبەچاویی دوژمنەوە، هەر زۆر به خێرایی لەو ناوەوە گەڕاین چونکە فێرخوازان تەمەنیان کەم بوو ونەدەکرا هەمو شتێک ببینن.چرکەکانی کاتژمێرەکەش لەگەڵ ئیمە بەرەوپێشەوە دەچوون.گەڕاینەوە بۆپارکی ئازادی و منداڵەکان بەئامێرەکانی ناوپارک دەستیان کردبەگەمەکردن وەگەشتێکمان بە ناو پارک داکرد. ماوەیەکی زۆر لەوێ ماینەوە خۆر وردەوردە خۆی لێ دزینەوە، وڵات تاریک داهات.وەک جێگەیەکانی دیکە بەجێمان هێشت و بەرەوسەرچنار ڕۆیشتین.
نانی ئیۆارێمان لە سەرچنار مەیل کرد لەناو ئەو هەموو جوانیە زۆر به تام بوو،پاش گەردانێکی خۆش بە ناو پارکەکەدا، کە ماوەیەکە نۆژەن کراوەتەوە و چونەژوورەوە بە بلیتە، زۆر دڵگیرە، بەتایبەت، ئاوەکەیان کۆ کردۆتەوە لە جێگەیەکەوە وەک تاڤگەیەکی بچووک دێتەوە خوارەوە.پاشان لە لای یاریەکان وەستاین و منداڵان دەستیان کرد بە جۆلانە و خلیسکانێ، کاک ڕزگار و کاک مەهدیش چون بۆ هێنانی خواردن بۆ هەمووان.پاش نانخواردن چەند ساتێکی دیکەش یاریان کرد و ئیدی منداڵان تێر وماندوو بوون، خەو لە دەرگەیی چاویانی دەدا.ئەوجا بۆنووستن چوین بۆ ماڵی کاک صەباح کەدۆستەکی زۆر نێزیکی مام کاروانە لە دێی کەندەکەوە.ئەبێ بزانم کەئەو بنەماڵەزۆر نمونەن وە بەدەگمەن کەسانی ئاوا پەیدا دەبن، نەک لەبەر ئەوە کە هێشتیان شەو لەوێ بمێنینەوە، چونکە مامۆستاکاروان لە هەموو جێگەیەک نامێنێتەوە، ئەویش بە شەو لەگەڵ ئەو هەمووئەمانەتە.
یەکشەممەتەواو بوو من خۆم زۆر ماندووبوم بەڵام لە چاومامۆستایانی تر حەساوە.ساعەت11 شەو بوو مامۆستا پەیمان و مامۆستا کاروان هەرئەگەڕان بەسەر مناڵان کەحاڵیان چۆنە وهەندێکیشیان بە نازکێشانەوە خەویان لێکەوت.مامۆستا پەیمان یەک بە یەکی منداڵەکانی لە نۆبەدا دانابوو، بۆ ئاودەست و پاشان ددان شوشتن، ئەوجا یەک بەیەکی منداڵەکانی لە ناو کیسەخەوەکانیان نواند. بەڕاستی میهرەبانی و دڵسۆزی هەر ئەوها دەبێت!.
شەویش تەواو بوو بەڵام شەو لە لاق ئێشەوژانە سەرو لەلایەکی تردڵگرانی مامۆستا نیسان بووم کەبێهۆش بووبوو، خەوم لێ نەکەوت، مەگەر ناوناوە نەبێت.لە تەنیشت مامە کاروان خەوتبوم بەیانی زوو دیتم مامۆستا کاروان لە سەرجێگەیەکەی نەمابوو، کە چووم بۆ دیوی فێرخوازان بینیم مامۆستا کاروان لەنێوانیان خەوتووە.پەروەردە ئاوا دەبێت نەک پڵاویان بدەێی.نانی بەیانیمان خوارد ماست و کولێرەیەکی خۆش بوو کیسەخەو و جانتاکانمان پێچایەوە خستمانە ناوسندوقی پاسەکە،ماڵی کاک سەباح ئاوەدان.قایشەکانمان بەست و بەڕێ کەوتین بەرەو ئەزمەڕ لە ناکاو شەومان لێ داهات بەڵام خۆ بەیانی بوو چۆن شەو وا زوو هاتەوە! تاریکایەکی زۆر تاریک،بەڵێ چوینە ناو تونێلی ئەزمەڕ، سەیارەکان چراکانیان داگیرساندبوو، حەیف کە زوو تێپەڕین و ڕووناکی دەبەرخۆییگرتینیەوە،دواتر گەڕاینەوە نەک بە ناو تونێلەکە، بەڵکو ئەو ڕێگەیەیی پێی دا گەڕاینەوەسیتەکی گرتەوە. زۆر شەرمەزاری کاک مەهدی سەیاقم کەکەم ناویی هاتووە کەسێکی وریاو ئاگایە لەیادم دەچێتەوە بە دەست خۆم نیە. ڕۆژێکی ناخۆش نیە هەورەکان ئەڵێی لەگەڵ ئێمەن.بینیم مامۆستا ڕاز سێوێکی لە جانتاکەیی دەرهێناو دایە مامە کاروان،نازانم چۆن باسی ئەو مامۆستایەبکەم ئەگەر خوشکم با هەرئەوەندەم خۆش دەویست لە جوانی و خانمی هیچی کەم نیە، بە ڕایی من «خانمی یەکەمی برادۆست» بۆ ئەو زۆر باشە، هیوادارم خوایی گەورە لە خوشک و برایەتی کەممان نەکات. کوردستان چەند نمونەیی ئاوایی تێدا با، خەمم نەبوو.کەسێکی دیکە کە سەرنجی قەڵەمەکەم بۆ نووسین ڕادەکێشێت، مامۆستا تەزرەیە کە لە ڕیزی دوەم دانیشتوە، یەک جەستە بەڵام چەند کەسە، مرۆڤ چەند زمانان بزانێت ئەوەندە شەخسییەتەیە، ئەگەر بە هەڵەدا نەچوبم زیاتر له دوو زمانان دەزانێت، کەسێکی زۆر باشە، ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم خەوتوە، لە سەر گۆیژە دەڕۆین زۆر بەرزە و سلێمانیمان هەموو لێ دیارە، کەسایەتی ئەم خانمەش، ئەوەندە بەرزە، خۆزۆر ئاساییە کە مرۆڤ زاهیری ژنانە بێت وسەد پیاو بێنێت، هیوادارم خەوێکی خۆش ببینێت. لەسەر گۆیژە دابەزین مامۆستا کاروان فێرخوازانی لە دەوری خۆیی کۆکردەوە و باسی ناوچەکانی شارباژێڕ و چوارتایی بۆ کردین، پێی گوتین کە عەربەت وشارەزوور دەکەوێتە کام لایە، وڵات تەوژەم بوو، لەبەر ئەوە قەرەداغ دیتنی زۆر ئەستەم بوو ئەمبەر سلێمانی ئەمبەر ناوچەکانی شارباژێڕ ودەڤەرەکانی دیکە، لە جێگەیەک وەستا بووین چ هەیبەتی هەبوو بەڵام ئەگەر وریا نەبایی لە شووشە بیرەهەڵ دەخلیسکای!ناو شتێک وناوەڕۆک شتێکی تر،ئاخر توخوا پێم ناڵێن کورد کەی موعتاد و سەرخۆش بووە؟!،پایتەختی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان ئەبێ بەو شێوازه بێت؟!.
پاش پشوودانێکی باش و هەڵمژینی هەوای سازگار بەو دیمەنە جوانانەی سەر چیای ئەزمەڕەوە، گەڕاینەوە دامەنی شاخ و لەوێوە بەرەو کەناڵی کوردسات ڕۆیشتین. کاتمان سەعات 11 هەبوو، دروست لەو کاتەشدا گەیشتینێ. پاش کەمێک چاوەڕوانی لە پرسگە، بەخێرهاتنێکی گەرم کراین و ئەوجاچوینە هۆڵی نانخواردن و کەمێک چاوەڕوانیمان کرد تا دۆستێک وەک ڕێنوێن هاتە لامان و بردینیە هۆڵی بەرنامەکانی بنەوشە،سۆما،تەندروستی وتەوەر، کە هەفتانە پەخش دەکرێن، ستۆدیۆیەکی فرەوان بوو،4 ستۆدیۆ لە هۆڵەکەدا بوو،دواتر سەردانی بەشی هەواڵمان کرد، خۆ لەبەر کامێرا ڕۆیشتن نەدەکرا کارمەندان سەرقاڵی هەواڵ سازی بوون،نۆبەیی بەشی منداڵان هات، دانسێکی زۆر خۆشیان بۆمان خستەسەرێ و هەندێک لە مناڵان ئۆتۆماتیک کەوتنە سەما کردن،«گورجوگۆڵیش» لە نێوانمان دڵی فێرخوازانی زۆر خۆش کرد.ماڵئاواییمان کردو گەڕاینەوە بۆ لایی پاسەکە،بەگشتی وەک دەزگەیەکی ڕاگەیاندن باش بوو، پاک و خاوێنیەکی زۆر، بریا شەقام و کۆڵانەکانیشمان بەم شێوەیە پاک بان.
بێژینگی بن دڕاو هاتەوە مەیدان، مناڵان برسیان بوو، خۆ حەقیشیان بوو کاتی نیوەڕۆ بوو گەڕاینەوە بۆناو شار، لە سەر ڕێگە سڵاوێکمان لە ئێن ئاڕتی کرد، لە بیری ئێمە دابوو چۆن هەواڵمان لێ دروست بکات!. چووین بۆ ڕێستورانت،ئەوێ ڕۆژێ هەر هەور بوو نازانم خێری لە چی دابوو لە چێشتخانەکە لە دەرەوە دانیشتبووین نێوچاوان وپاشەسەرمان کوڵین لە گەرمان، کە تەواو بوین ئەوسا باران نم نم دەباری.سوار بوینەوە مناڵان تێر بوون دەنگی زۆریان لێ دەهات، مامۆستا پەیمان لە نێوانیان بوو زۆر ماندوو دیار بوو، هەر لە یەکەم چرکەوە خەریکە لەگەڵیان، ئەگەر زانیبام مامۆستا پەیمان ئەو خۆڕاگریەیی لە کوێ هێناوە زۆر باش دەبوو!،بێ گومان هەر ئەوانەن لە دواڕۆژدا دایکانی نمونەیان لێ دەردەچێت. عەقل بە قەدو باڵا نیە، باسی میهرەبانیەکەشی لە توانایی من دا نیە، من زۆر خۆشحاڵم بە ناسینی و هیوایی تەمەن درێژی بۆ دەخوازم.
هەر چی دەکەم ناوێرم باسی پەیمان خان تەواو بکەم چونکە تەنیا کەس کە ماوە مامۆستا نیسانە ئەترسم شتێک بنوسم شایەنی ئەو نەبێت، ئافەرین بۆ ئەو دایک وباوکەیی مناڵەکەیی خستۆتە ژێردەستی نیسان خان،شێوازی قسە کردن وهەڵسوکەوتی باشترینە بۆ ئەوەی فێرخوازان لێوەی فێرببن. بێ پەشیمان بوونەوە دەتوانین ناوی لە قاموسی مرۆڤە باشەکان بنوسین،سەرفیرازم بە ئاشنابوونی.
وردەوردە لە سلێمانی دەرکەوتین و سەرەی هات کە جێی بهێڵین.ئەڵیم چی ئەبوو گەر سلێمانی شاری هەموان با، یان هەر سلێمانی کوردەواری با.باست ناکەم سلێمانی چون نازانم لە کوێ دەست پێ بکەم تەنیا ئەوەندە دەڵێم خەڵکێکی نازدارو جوانت هەیە،لێم توڕە مەبە سەرایە جوانەکەیی ئازادی تۆشایەنی لەوە زیاتری کە بۆ مەبەستێک بەکارت بێنن جا هەر کەسانێک بن. خوا حافیز سلێمانی دوا ڕۆژەکی گەشت بۆ ئاواتەخوازم. لەناو پاسەکەدا خەوم لێ کەوت بوو کە گەیشتینە تابین، ئەگەر بڵێم ئەو ئاوەیی کە لە ژێر بەرد دەهاتە دەر، سەد مەعمەل ئاو دێنێت درۆ نیە، ناوچەیەکی دڵگیر بوو خەڵکانی زۆری لێ بوو، زۆرم حەز لێ بوو مابامەوە تا ئەو کەسانە کە دەڕۆیشتن پاشماوەکەیانم کۆ کردبایەوە تا ئەو پارچەش لە بەهەشت هەست بکات زۆرمان خۆش دەوێت. دەرفەت نیە کە باسی هەمووجوانیەکەیی بکەم، چونکە گەیشتینە ئەشکەوتی جاسەنە ئەشکەوتی غروری کورد،ئەشکەوتی ناوداران یەک نەفەر بۆ گەلێکی چەوساوە،28/03/1923مێژوویەکە کە یەکەمین ڕۆژنامەیی شۆڕشی کوردیلە ئەشکەوتی جاسەنە دەردەچێت،کێ بیری لێ دەکاتەوە لە جیاتی پێشکەوین دوا کەوتوین و زۆر چوینەتە ژێر سفر!،95 بۆ 100 ساڵ پێش لە شاخ ودۆڵ ئەمەمان کردوە ئێستا دەبوو لە سەر هەوران ڕۆیباین،کە گەیشتینە بەردەم ئەشکەوتەکە زۆر بە ئاشکرایی دیار بو ڕوحی پاکی شێخی نەمر لێمان ناڕازیە، بایەکی تووندی دەهات زۆر تووند کە چونە ژوورەوە ئەستەم بوو،ناحەقی نیە ئەوەیی ئەمڕۆ ئێمە دەیکەین ژانە نەک ژیان، دەورانی ئەو کەس براو کەسوکاری خۆیی لە سەر دینار و درهەم نەدەکوشت.کام دوکتۆرە بوو نەخۆشی چارەسەرنەدەکرد و بۆ دوو دینار مانی دەگرت، مەگەر ئەوپێشمەرگەیی چوو بۆ شاخ و سینگی خۆیی نایە بەر گوللە مەعاشی وەردەگرت،ناویی مەلایەکم پێ بڵێن کە دەورو دینی خۆیی بە پارە دابێت، کام گەنجە ڕوخسار گەشە کە داهاتویی وڵات بو نەفرینی لە نەتەوەکەیی دەکرد!. ڕەحمەت لە گۆڕت شێخ مەحمود تا دنیادنیایە و هەر دەم یادت بۆ ئێمە شانازیە،حەق بە تۆییە لە شاخ و کێو، گەرما با یان سەرما، خۆ ئێمە ئەمڕۆ بە خانوە چوار قاتەکەیی خۆشمان ڕازی نین.میللەتی کورد قەت ئەمەیی بە خۆوە نەبینیوە،تێری سکی میللەت تا ئەو ئاستە ڕۆیشتوە کە بەفر دەکڕن،خوولاسە هەموو نیشانەکانی میللەتی دواکەوتوو لە جاسەنە بەر چاو دەکەوێت،ئەشکەوتێک بەو هەموو عەزەمەتەوە، ئاو و کارەبا و ڕێگەوبان!، قوربانی چاوتان ئاڵایەکی پیرۆزی کوردستانتان لێ هەڵ واسیبا!.
ئەگەڕێمەوە بۆ سەر گەشتەکە کە بەرەو کۆتاییە بە دوکاندا گەڕاینەوە ماڵئاوایی مان لێ کرد و بە قەرەسەرت دا سەرکەوتین،باران نم نم دەباریی،دیمەنەکانی ئەم چیایە لەگەڵ لۆفەکانی نەیاندەهێشت هەست بە ماندویەتی بکەم، ئەو ناوەش گوندێکی زۆری لێ بوون و سەوزایەکی تەواو بنگردی داگیر کردبوو، بنگرد تەڕ بوبوو بە باران، دەنگی مناڵان دەربەندی هەژاند،کێوەڕەش بە خێرهاتنی کردینەوە لێرەوە گەشتەکە کۆتایی پێ هات و تەنیا شتێک کە لە مامۆستایان دیار بوو سەرکەوتن بوو. لێرەدا داوایی لێبوردن لە سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە بەبێ مۆڵەت وەرگرتن ناوم هێناون.

سام
ڕانیە – کوردستان
2012-05-01