منداڵانی «ئەفرین» پێویستیان بە هاریکارییە
دایکوباوکانی هێژا،
لە بەهاری 2011 ەوە – واتە نێزیکەی 27 مانگە شەڕی نێوخۆ وەڵاتی سووریا دەسووتێنێ و دیسان وەک هەموو جەنگێکی دیکە منداڵ دەبنە قوربانیی هەرە گەورە. گەلی ڕۆژاوای کوردستان لە سەرەتای ئەم جەنگەوە ڕێبازێکی لاشەڕ (دوور لە توندوتیژی) ی گرتۆتە بەر و جەختی کردۆتە سەر پاراستنی ناوچەکانی خۆی.
ماوەی چەندین مانگە شاری ئەفرینی کوردەواری لە گشت لایەکەوە گەماڕۆ دراوە و نێزیکەی یەک ملیۆن مرۆڤ لەوێدا لە ئەوپەڕی نەهامەتیدا ژیان دەبەنە سەر. ڕۆژ بە ڕۆژ گوزەرانی ئەو خەڵکە دژوارتر دەبێت و ئێستا گەیشتۆتە ڕادەیەک خەڵکەکە هانایان بۆ دانیشوانی باشوور هێناوە.
پێداویستیی یەکەمی خەڵکی ئەفرین شیرە بۆ منداڵ. دەیان هەزار منداڵ لە مەترسی سیسبوون، وشکهەڵاتن و مردندایە. ئێمەش لە فێرگەی برادۆست ـەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە هاریکاری و پشتیوانیی ئێوەی وەڵاتپارێز و مرۆڤدۆست، ئێوەی دایکوباوکانی فێرخوازانی برادۆست یارمەتیی منداڵانی شاری ئەفرینی ڕۆژاوا بدەین.
بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێی ئەم نامەیەوە داواتان لێ دەکەین، هەر کەس بەپێی توانای خۆی، بەشداری ئەم هەڵمەتە بێت و شیری منداڵ «شیری وشک» بێنێت بۆ فێرگەی برادۆست.
تێبینی بفەرموون:
• ئاگایی و ڕۆڵی منداڵەکانی خۆتان لەم هەڵمەتەدا سەنگی یەکەمی هەیە.
• ماوەی کۆ کردنەوەی شیر لە فێرگەی برادۆست بۆ شاری ئەفرین بریتییە لە:17- 27 مانگی حەزیران (ژونی).


بەڕێوەبەرانی فێرگەی برادۆست لە شاری ڕانیە و کۆیێ
2013-06-16