گەشت بۆ ئاشی مام خدر

ئاشی مام خدر ئاشێکی کۆنی شاری کۆیە لە ساڵی1928دروستکراوە، خاوەنەکەی بەناوی
«حاجی کاکەمین»ە و خەڵکی شاری کۆیێ بووە و لەدوای خۆی کوڕەکەی بەناوی «مام خدر»
لەجێی باوکی کارەکانی کردووە، لە ئێستادا کاک دانا کە دەکاتە کوڕی مام خدر کاروباری ئاشەکەی گرتۆتە ئەستۆ.
بۆ ئاشنا بوون بەم شوێنە دێرین و جوانە ڕۆژی شێ شەممە 2013/01/08 گشت فێرخوازانمان برد
بۆ ئاشەکە. ڕۆژێکی سارد و باراناوی بوو، نێزیکەی دوو کیلۆمەتر لە فێرگەکەمانەوە دوربوو، کە گەیشتینە بەر دەرگەی ئاشەکە یارمەتیمان لە کاک دانا وەرگرت و پێشوازی لێ کردین. دەرگای ئاشەکە هەر لەکۆنەوە نەگۆڕابوو دوو دەرگای داری گەورەبوو بە لێژی دەچویە ژوورەوە، لای چەپ حەوزێکی گەورەی ئاوی لێبوو، لە بەرانبەریش سێ تاقی گەورە هەبوو، لەوەدەچوو جێگەی چاوەڕێی ئەو کەسانەبێت کە
باراشیان پێیەو چاوەڕێی نۆرەی خۆیان بکەن، لەکۆتایی حەوزەکە دەرگایەک هەبوو بۆ هۆڵی ئامێرەکانی لێکردنی باراشەکان. هەندێک لە ئامێرەکان کۆن بوون و هەندێکیان نوێ بوون.
کاک دانا گشت ئامێرەکانی بۆ بەکارخستین و بۆی ڕونکردینەوە کە هەر ئامێرێک بۆچی بەکاردێت.
لەکاتی گەڕانەوەماندا لە ڕێگە بارانێکی زۆری لێ داین تا گەیشتینەوە فێرگە و ڕۆژێکی تایبەت بوو.
بەهیوای زانیاریەکی سوودبەخش بۆ هەموو لایەک.


لە بەڕێوەبەرایەتی فێرگەوە

2013/01/10